لە کاتێکدا شاری سلێمانی دەناڵێنێت بەدەست کەمی ژمارەی قوتابخانەوە، زەویەک لە ناوچەی قولەرەیسی کە لە نەخشەی شاردا دانراوە بۆ دروستکردنی قوتابخانە بە بڕیاری ئەنجومەنی ٍشارەوانی سلێمانی دەکرێت بە شوێنی نیشتەجێبوون.
بەپێی نەخشەیەک کە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لە نێوان میران سیتی و قولەرەیسی کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای سلێمانی، زەویەک لە نەخشەی شاردا دانراوە قوتابخانەی لەسەر دروستبکرێت، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانییەوە بڕیاردراوە کە بکرێت بە شوێنی نیشتەجێبوون.
بەپێی ئەو نەخشەیە، زەوییەکان کراون بەسەد مەتری و ٢٥٠ مەتری ٤٠ پارچە زەوین.
" سپی " لە رێگای خۆیەوە بە دواداچوونی بۆ ئەم پارچە زەوییە کرد، دەرکەوت سەر بە شارەوانی راپەڕینە، بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا گۆڕدراوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و، ئێستا ئیفرازکراوەو دەکرێت بە خانوو، ئەوە لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە کەمترین ژمارەیە قوتابخانەی تێدایە.
بە پێی بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی " سپی " لە ناو شاری سلێمانیدا بەهۆی زۆربوونی ژمارەی خوێندکارو هەر لە بنەڕەتدا کەمی قوتابخانەکان کە تا ئێستاش لە هەندێک گەڕەک سێ دەوامی هەیەو، هەندێک قوتابخانە لە ماڵدا وانە دەخوێنن، شاری سلێمانی ساڵانە پێویستی بە ٣٠ قوتابخانەی نوێ هەیە کە دروستبکرێت، لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش پێویستی بە دروستکردنی ١٥٠ بینایەی قوتابخانەی نوێ هەیە. هەرچی ستیەکانیشە ژمارەیەکی بەرچاویان قوتابخانە و باخچەی ساوایانیان تێدا دروستنەکراوە کە دەبێت بە پێی یاسای وەبەرهێنان دروستبکرێت، یان سیتی هەیە دروستیکردووە لەبری ئەوەی رادەستی وەزارەتی پەروەردەی بکات، کردوویانە بە قوتابخانەی ئەهلی.
نەخشەی ئیفرازکردنی زەوی قوتابخانەکە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون..