كاروانێكی دیكەی كەلوپەلی سەربازیی لە لایەن هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەردایەتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان کرا.
بە گوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ كاروانێكی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە لە ١٥ بارهەڵگر پێكهاتبوو، لە هەرێمی كوردستانەوە بە دەروازەی سنووری وەلید، گەیشتە بنكەی سەربازیی قەسرەك لە باكووری پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان.
كاروانە سەربازییەكە چەندین جۆر چەك و كەرەستەی پێشكەوتووی سەربازی لەخۆگرتووە، هەندێ لە بارهەڵگرەكانیش، داپۆشرابوون و نەزانراوە چ جۆرە كەرەستەیەكی باركردبوو، لەكاتی گەیشتنیشی بۆ بنكە سەربازییەكە، لەلایەن هەلیكۆپتەری سەربازییەوە پاسەوانیی لێدەكرا.
هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریكا لەماوەكانی رابردوودا، چەندین كاروانی لۆجستیی رەوانەی بنكە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان كردووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ناوخۆی سووریا و شەڕو پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردووی رۆژهەڵاتی حەلەب لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و گروپە چەكدارە تیرۆریستییەكانی لایەنگری توركیا.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەکانی رابردوودا جموجۆڵی یزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژاوای کوردستان زیادیکردەوە و لەو نێوانەشدا کەلوپەلی سەربازی ناوبەباو لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو رۆژاوا گواستراوەتەوە.