بافڵ تاڵەبانی: جەخت لە هەماهەنگی و تەبایی نێوان یەكێتی و پارتی دەکەینەوە

ئەمڕۆ بە بۆنەی ٧٩ ـمین  ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد لە پەیامەکەدا " جەخت لە هەماهەنگی و تەبایی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكاتەوە".

ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٥ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بە بۆنەی ٧٩ـمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی پارتی کرد و دەڵێت" بەڕێز كاك مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی ٧٩ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزتان، جێگرانی سەرۆكی پارتی، سەركردایەتی، ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم". 

بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند" جەخت لە هەماهەنگی و تەبایی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەینەوە، لەپێناو كاركردنی پێكەوەیی و راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان و بەهێزتركردنی قەوارەكەمان و باشتركردنی ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان." 





AM:11:03:16/08/2025