وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتووین. خاڵی هاوبەشیش ئەوەیە چۆن قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستکەوتانەی هەیە بیانپارێزین.
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند کە لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین، هەروەها هەندێک بابەتی دیکە هەیە وەک دابەشکردنی پۆست و پەرلەمان و چەند شتێکی دیکە، کە گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە و ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو کۆتایی پێ بێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، شێوازی چۆنیەتی تێگەیشتنی هەرلایەک بۆ چۆنیەتی کاری حکوومی کاتی ویستووە، خاڵی هاوبەشیش ئەوەیە چۆن قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستکەوتانەی هەیە بیانپارێزین و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە.
باسی لەوەش کرد، ئێمە دوو حزبی جیاوازین، ڕەنگە لەهەندێک بابەت تێگەیشتنمان وەکوو یەک نەبێت و جیاواز بێت، چونکە ڕەنگە بیرۆکەی جیاوازمان لە شێوازی حوکمڕانی هەبێت، هەروەها هیچ خاڵێکی ناکۆکی وەها نییە ببێتە هۆی پێکنەهێنانی حکوومەت.
پێشتریش رۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئاب لە دوای کۆبوونەوەی ساندی یەکێتی و پارتی کە لە هەولێر بەڕێوەچوو راگەیەنرا کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان تا پێش کۆتایی مانگی ئەیلول دەست بەکار بێت.