وتەبێژی دەم پارتی ڕەخنە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگرێت لەسەر لێدوانەکانی دژ بە ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند، دەستکەوتی کورد لە سووریا مەترسی نییە بۆ تورکیا، بەڵکو دەرفەتە، دهشڵێت: "داوا له فیدان دهكهین واز لهو زمانی قسهكردنه بهێنێت، چونكه خزمەت بەوانە دەکات کە دژایەتی پرۆسەی چارەسەریی دەکەن”.
ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئاب عایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، "دەستوەردانی دادوەری لە سیاسەتدا دەیان ساڵە بۆ توركیا تێچوی زۆری لێکەوتوتەوە و تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، تورکیا دیموکراسی نابێت”.
جەختی لەوە کردەوە کە "زۆر گرنگە ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمایەکی یاسایی جێگیر بکرێت”.
عایشەگوڵ دۆغان وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دایەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە تورکیا سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە بۆ هەمیشە لەگەڵ کوردانی سوریا بە ئاشتی بژیت”.
ئهوهشی خستهڕو، "دەستکەوتەکانی کورد لە سووریا، دەستکەوتەکانی گەلان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی لەوێ، یان بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی ناناوەندی کە گەلانی ئەوێ بتوانن خۆیان لەسەر چارەنوسیان بڕیار بدەن، ئەمەش دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ تورکیا نەک مەترسی”.
عایشەگوڵ دۆغان ڕەخنەی لە لێدوانەکانی هاکان فیدان، سەبارەت بە سووریا گرت و وتی، "ئەو بە زمانێک قسە ناکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پرۆسەکەدا، لە سەرەتای پرۆسەکەوە سەیری لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە بکەن سەرەنج بە زمانەکەی بدەین، سەبارەت بە سووریا، بەتایبەتی بەردەوام ڕێبازەکانی هەڕەشەن، بە گوێرەی ئێمە ئەو دەیەوێت دیماگۆژی بکات، ئەو شێوە زمانی سەپاندن و دەسەڵاتداریە تەنها دەستی دوژمنانی پرۆسەکە بەهێز دەکات”.
وتەبێژی دەم پارتی دهڵێت، "داوای وازهێنان لەو زمانە دەکەین، پێویستمان بە زمانی ئیرادە و ئاشتییە، پێویستمان بە زمانێک نییە کە گرژییەکان زیاتر بکات، یەکگرتویی سووریا بە زمانێکی جیاکارییەوە بەدینایەت، لە مێژوی مرۆڤایەتیدا نمونەیەکی لەو شێوەیە نییە”