ڤالا فەرید: ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە و یەکەم کاریشی هەڵبژاردنی دەستەیەکی "هەمیشەیی” سەرۆکایەتی دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئاب ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هیوادارین بەپێی ئەوەی لیژنەی دانوستانکاری هەردوولا (پارتی و یەکێتی) لەسەری پێکهاتوون، لە مانگی ئەیلوولدا پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە”.

سەبارەت بە کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، ڤالا فەرید ڕوونیکردەوە، "یەکەم کاری پەرلەمان ئەوەیە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت، کە دەستەی سەرۆکایەتیی داهاتوو "دەستەیەکی هەمیشەیی” دەبێت نەک کاتی.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان دەست بە کارەکانی دیکەی دەکات، لەوانەش پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێنجشەممەی ڕابردوو، ١٤ی ئاب ، لە شاری هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا کە پێویستە هەوڵی چڕ و جیددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات.




PM:01:35:17/08/2025