سوپای سوریا خۆی بۆ هێرشکردنەسەر هەسەدە ئامادە دەکات


ماڵپەڕێکی ئیماراتی دەڵێت، سوپای سووریا پلان بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە هەردوو پارێزگای ڕەققە و دێرەزوور ئامادە دەکات، ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادە نەبێت ناوچە عەرەبنشینەکان ڕادەستی دیمەشق بکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئاب  ڕۆژنامەی زە ناشناڵی ئیماراتی لە دوو سەرچاوەوە کە یەکێکیان پۆستێکی ئەمنی هەستیاریی لە سووریادا هەیە، بڵاویکردەوە، ئەگەر هەسەدە زۆرینەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕادەست نەکات، ئەوا ئێستا ٥٠ هەزار چەکدار لەنزیک شارۆچکەی تەدموور کۆکراونەتەوە و بەپشتیوانی هۆزە عەرەبییەکان کە زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکە پێکدەهێنن، بە ئاڕاستەی باکوور بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەققە و دێرەزوو هەنگاو دەنێن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ناکرێت، هەروەها گەرەنتیکردنی دەستوەرنەدانی ئیسرائیلیش لەم بابەتەدا پرسێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ دەستپێکی هێرشەکە کە چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای مانگی ١٠ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هۆکاری ئەو خواستەی سوپای سووریاش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەسەدە ڕەتیدەکاتەوە ناوچەکانی ڕادەستی دیمەشق بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامە هەرچەندە "ئەوان (هەسەدە) لە کرداردا هەندێکجار بەپێچەوانەوە هەنگاو دەنێن"، جەختیشیکردەوە کە کێشەکانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەبێ توندووتیژی چارەسەر دەکرێن.




PM:05:19:17/08/2025