چوارچێوەی هەماهەنگی پرسی مووچە و نەوتی هەرێم تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبنەوە و سەرچاوەیەكیش ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێنج بابەتی سەرەكی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پرسی مووچە ونەوتی هەرێمیش تەوەرەی کۆبوونەوەکەدا دەبێت.

میدیاکانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی  ئابی ٢٠٢٥ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە و لە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێنج بابەتی سەرەكی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

ئاماژەیان بەوەداوە کە یەکێک لە تەوەرەکان پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیا، كە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ڕاگیراوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

هەروەها باس لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرێت لە ٢٦ی ئەیلولدا و سەردانەكەی عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەغدا و ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێكی ئەمنی سەبارەت بە ئەمنییەتی سنوورە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەکە چوارچێوەی هەماهەنگی دوایین ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دورخستنەوەی ژمارەیەك كاندید لەلایەن كۆمسیۆنەوە تاوتوێ دەكات، گفتوگۆش دەكرێت لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و كاریگەرییەكانی لەسەر داهاتووی وڵات.

هاوکات ئەحمەد عیساوی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە"یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تایبەت دەبێت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم".




PM:12:16:18/08/2025