ئومێد خۆشناو: هیچ قومارخانەیەکی فەرمی لە هەولێردا نییە

پارێزگاری هەولێر ڕەتی دەكاتەوە لە شاری هەولێر هیچ شوێنێكی فەرمی تایبەت بە لەشفرۆشی یاخود قومارخانە هەبێت، وتیشی" ئەو ژمارانەی کە بۆ ڕێژەی تووشبوانی شێرپەنجە بڵاودەکرێتەوە بەشێکیان هی ناوچەکانی دیکەی کوردستانن کە لەسەر هەولێر هەژمار دەکرێن".

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ئاب ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو تۆمەتە ناڕەوایانەی دەكرێتە سەر هەولێر، گوایە قومارخانە و شوێنی لەشفرۆشیی فەرمی هەبێت، دوورە لە ڕاستی، هاوكات ڕەتی كردەوە گروپ و باندی بازرگانیی لەشفرۆشی لە شارەكەدا هەبن، بەڵكو خەڵكی لادەر لێرە و لەوێ سەرقاڵی كاری بەدڕەوشتین و ئەوەش لە هەموو شوێنێكی جیهان ئەگەری ڕوودانی هەیە.

دووپاتیشی كردەوە مەفرەزەكانی پۆلیس و ئاسایش بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی قایمقامیەت و دەستەی گەشتوگوزار، بە بەردەوام پشكنین و بەدواداچوون بۆ یانە شەوانییەكان و كافتریا و هۆتێل و شوێنە جۆراوجۆرەكان دەكەن بۆ ڕێگریكردن لە كاری لەشفرۆشی، قوماركردن یاخود هەر دیاردەیەكی دیكەی نامۆ كە لەگەڵ داب و نەریتی شاری هەولێر و خەڵكی كوردستان یەكناگرێتەوە.

ئۆمید خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بەشێک لەو ئامارانەی سەبارەت بە ڕێژەی تووشبوان بە شێرپەنجە لە هەولێر بڵاودەکرێتەوە ئەو نەخۆشانەن وا لە سارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق دێنە هەولێر ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبوان بە شێرپەنجە لە هەولێر.




PM:01:44:18/08/2025