پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و خۆڵبارین دەستپێدەکات

شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاندووە کە سەبەیەی پلەکانی گەرما بە ڕیژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ئاب ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە لاپەری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی کاریگەری هەڵکردنی بایەکی فێنک لەدەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق سبەی چوارشەمە ٢٠ی ئاب پلەی گەرمی بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٤ پلە نزمدەبێتەوە".

ئەو شارەزا کەشناسییە دەشڵێت" ئەگەری خۆڵبارین ئەبێت سەرەتاش لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکات پاشان کاریگەریەکەی بۆ سەر زۆرێکی ناوچەکانی ناوەراست و باشوری هەرێم درێژ ئەبێتەوە" .

ئاراس جەبار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە کاریگەری ئەو بارستە هەوایە لەسەر ناوچەکانمان تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو رۆژی شەمە ٢٣ی ئاب بەردەوامی ئەبێت و لە رۆژانی دواتردا پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە . 

ئەو شارەزا کەشناسییە کوردە دەشڵێت" پێشبینیش ئەکرێت لە کۆتایەکانی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی زۆر بەتینی گەرما لەباکوری ئەفریقاوە زۆرێکی وڵاتانی باشور و ناوەراست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا و وڵاتی تورکیا بگرێتەوە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو و نائاسایی بەرزببنەوە و ئەگەرێکیش هەیە سەرەتاکانی مانگی ئەیلول کاریگەریەکانی ئەو شەپۆلە بەگۆرانکاریەوە بگاتە سەر ناوچەکانمان".




PM:03:51:19/08/2025