مەرجەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچە ئاشکرا کرا

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە كۆی دەنگ بڕیاری لە خەرجكردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا، بەڵام مەرجی بۆ هەرێم داناوە.

لەبارەی مەرجەکانەوە ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كردووە، داوا كراوە حكومەتی هەرێم بە زووترین كات داهاتی نانەوتی ڕەوانەی دارایی عێراق بكات.

وتیشی" ماوەی دوو ڕۆژ دانراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆمپانیا نەوتییەكان تاوەكو هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە".
مەرجەکان بریتیین لە:

١ -  رادەستكردنی داهاتی نانەوتیی هەرێم كە ١٢٠  ملیار دینارە.

٢ -  شاندی حكومەتی هەرێم كە لە بەغدادە، لەماوەی ٧٢ كاتژمێردا كێشەكان لەبارەی داهاتی نانەوتیی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ چارەسەر بكات.

٣ -  كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم پابەندبن بە گرێبەستەكانیان و كۆسپەكانی بەردەم بەرهەمهێنانی نەوت لاببەن و بەپەلە دەست بە بەرهەمهێنان بكەنەوە بەو نرخەی كە حكومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنان دیاریكردووە كە ١٦ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئه‌و نه‌وته‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ و ئێستا ٢٣٥ هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ رۆژێكدا، ٥٠ هه‌زاری‌ بۆ پاڵاوتنی‌ ناوخۆ، ئه‌وه‌كه‌ی‌ تری‌ هه‌رچه‌نده‌ ده‌بێت راده‌ست بكرێت. 




PM:07:08:19/08/2025