بەرپرسێكی دابەشكردنی خۆراك رایدەگەیەنێت، لە مانگی داهاتوودا گۆڕانكارییەك لەبارەی وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە دێت، دەشڵێت " بەدڵنیایی گۆڕانكاری بەسەر وەرگرتنی خۆراكدا دێت، چونكە خۆراكی مانگانە بۆ ئەوەیە خەڵك وەری بگرێت، نەوەكوو لە دوكانەكان و لای بریكارەكان بمێنێتەوە و تێكبچێت و كێشەی بۆ دروست بێت".
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە هەولێر ڕاگەیاند" لەو بەرنامەیەی كە خەڵك خۆیان لە پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی تۆمار دەكەن، لە بەرنامەكە بەشێك هەیە و مانگانە پیشانی دەدات هاووڵاتی سەردانی بریكاری خۆراك دەكات یان نا، بریكاری خۆراكیش ئەپڵیكەیشنێكی تایبەتی هەیە كاتێك هاووڵاتی خۆراكی لا وەربگرێت ئاماژەی پێ دەدرێت".
وتیشی" جارێ ئەو بەشە لە ئەپڵیكەیشنەكە كارا نەبووە، ئەگەری هەیە لە مانگی داهاتوودا كارا بكرێت".
دلێر عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشدا رێنمایی تەواو نەهاتووە، كە ئایا هاووڵاتی مانگێك یان دوو مانگ یان سێ مانگ خۆراكی وەرنەگرت لێی دەبڕدرێ یان نا.