عەقید ئەرسەلان غەفوور بەڕێوەبەری پۆلیس وژینگە لە پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ( سپی) رایگەیاند " بەهۆی ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە زەرەرەی گیانی دوو هاوڵاتی و بەدەیان هەزار دۆنم لە دارستان و گژ وگیای باشووری هەڵەبجە کەوتووە".
راشیگەیاند کە " ئاگرەکە رۆژی ١٧ی مانگ لە ناوچەی کۆکۆیی کەوتووەتەوە و تا دوێنێشەو بەردەوام بووە و لە ئەنجامدا کارمەندێکی پۆلیسی دارستان بەناوی محەمەد حەیدەر پاش ئەوەی بەشێک لە جەستەی سوتا ، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ٤ کارمەندیش بەهۆی ئاگرەکەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون و چارەسەری پزیشکیان بۆ ئەنجامدراوە.
عەقید ئەرسەلان غەفوور وتیشی" هاوڵاتییەکی خۆبەخشیش بە ناوی ئاری موختار کە لەگەڵ کارمەندانی پۆلیسی دارستان سەرقاڵی کوژاندنەوە بووە بەهەمان شێوە گیانی لەدەستدا "
جەختی لەوەشکردەوە کە ئاگرەکە سنوری هەڵەبجە ٣ گوندی گرتووەتەوە و بەهۆی ئەو رەشەبایەی کە لە ناوچەکەدا هەبوو کۆنتڕۆڵکردنی زۆر زەحمەت بوو بەس خۆشبەختانە ئەمشەو کۆنتڕۆل کرا.
لە کۆتاییدا عەقید ئەرسەلان غەفوور سوپاسی هەموو کارمەندان ودامودەزگاکانی حکومەت و هاوڵاتیانی کرد کە بە هانایانەوە چوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەوە چوون و بەشدار بوون لە خەمخواردنی ژینگە.