بارەگای بارزانی: ئەمەریکا پشتگیری ئەو کۆمپانیا نەوتیانە دەکات رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێم هەیە


لە دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە" ئەمەریکا پشتگیری کۆمپانیا نەوتییەکاندا دەکات کە رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێم هەیە".

لە راگەیاندنی بارەگای بارزانیدا کە رۆژی چوار شەممە ٢٠ ی ئاب بڵێ‌وکرایەوە ئاماژە بەوە کراوە کە بیروڕا لەبارەی دواین پێشهات و روداوەکانی ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاڵوگۆڕ کراون. 

"پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی کە بەپێی یاساو دەستور رێکكەوتنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەنجامداوە دووپاتکرایەوە".(  بارەگای بارزانی وا دەڵێت).

لە بارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێوە، بارەگای بارزانی دەڵێت " بەردەوامیی هەنگاوە ئەرێنییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا".

 لە بارەی ناکۆکییەکانی هەرێم لەسەر پرسی مووچە و نەوت، لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت و موچەی هاوڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی. "

باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بارودۆخی سوریاو پێشوەچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا لەو کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و . ستیڤن فەیگندا کراوە.




PM:02:38:20/08/2025