ڕێگای سلێمانی بۆ کەرکوک دادەخرێت

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری لە یەكتربڕی تاسڵوجە، لە رۆژی هەینییەوە بەشێك لە رێگای سلێمانی بە ئاڕاستەی كەركوك بۆماوەی سێ رۆژ دادەخرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئاب سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە "لە چوارچێوەی كارەكانی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتر لە یەكتربڕی تاسڵوجە، لەلایەن تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و كۆمپانیای جێبەجێكار، دەستدەكرێت بە دانانی گرێدەر بۆ بنمیچی پردەكە و بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژی هەینی ٢٢ی ئاب، بەشێك لە رێگای سلێمانی بە ئاڕاستەی كەركوك، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ  دادەخرێت".

شارەوانی سلێمانی داوای لە شۆفێران كردووە، تا ئەوكاتەی رێگاكە بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل دەكرێتەوە، رێگەی جێگرەوە بەكاربهێنن بەپێی نەخشەی دیاریكراو وەك لە خوارەوە ڕوونكراوەتەوە:

١- ئاڕاستەی (سلێمانی - تاسڵوجە - كەركوك ) لە جیاتی سلێمانی بۆ كەركوك.

٢- ئاڕاستەی ( كەركوك - سلێمانی) دەخرێتە سەر سایدی ئاڕاستەی (سلێمانی - كەركوك).




PM:07:41:20/08/2025