ئەحمەد شەرع، سەرۆک راگوزەری سوریا لە فەرمانیکدا یاسای هەڵبژاردنی کاتیی بۆ ئەنجومەنی گەلی سوریا پەسەند کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ ی ئاب ئاژانسی هەواڵی "سانا" بڵاویکردەوە ئەحمەد شەرع سیستەمی یاسای هەڵبژاردنی پەسەند کرد کە بەو پێیە سیستەمی هەڵبژاردنی کاتیی سوریا، جەخت لەسەر رێگریکردن لە خۆ كاندیدكردنی پارێزگارو وەزیرەکانی پێشوو دەكاتەوە بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی نوێ.
هاوكات لە مەرسومەكەدا ئاماژە بەوەکراوە، سیستەمی هەڵبژاردنی کاتیی کاندیدکردنی ئەو کەسانە قەدەغە دەکات کە بانگەشە بۆ دابەشبون و جیابونەوە دەکەن و داوای پشتیوانی دەرەکی دەکەن و پشتگیری لە رژێمی پێشوو دەکەن.
بەگوێرەی ماددەی دووی یاساكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی گەل (٢١٠) کەس دەبێت و دوو لەسەر سێیان بەپێی بڕگەکانی فەرمانەکە هەڵدەبژێردرێن، کورسییەكانیش بەگوێرەی دابەشبونی دانیشتوان بەسەر پارێزگارەکاندا دابەش دەكرێن.
خالێكی دیكەش، بڕیاری بێبەشكردنی ئەو كەسانەیە كە بانگەشەی دابەشوبوونی خاكی سوریا دەكەن و خۆیان بەهێزی دەرەكی بەهێز دەكەن، هەروەها ئەوانەی پشتیوانی رژێمی پێشوو دەكەن.
دەكرێت ئەم بڕگەیەش وەك چەكێكی سیاسی دژی تەواوی كەس و لایەن و پێكهاتانە بەكاربهێنرێت كە دیدی جیاوازیان هەیە لەگەڵ شەرع و دەسەڵاتەكەی.
دەسەڵاتدارانی سوریا بەشێوەیەكی بەردەوام تۆمەتی جوداخوازی و پشت بەستن بەهێزی دەرەكی دەدەنە پاڵ كوردو دروزەكان هاوكات عەلەوییەكانیش بە پاشماوەی رژێمی پێشوو ناودەبن، ئەمەش بەومانایەی رەنگە بەو مادەیە لەئێستاوە ئامادەكاری بكەن بۆ پەرلەمانێكی یەك رەنگ و یەك پیێكهاتە، یان لە باشترین حاڵەتدا بەشداریپێكردن بەهەندێك كەسی دیاریكراو لە پێكهاتەكانی تر، لەپێناو پیشانی جۆرێك فرەیی و بەشداری پێكهاتەكان، هاوشێوەی پێكهێنانی حكومەتی سوریا.