ئەمڕۆ پێنج شەممە نوسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ٦ ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتا لەسەر هەردوو پرسە گرنگەکەی مووچەو رادەستکردنی نەوت رێکنەکەوتوون.
ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پاش چەندان دانیشتن لەسەر کێشەی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق تەیف سامی، وەفدی هەرێم نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و گەڕانەوە بۆ کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی مکوڕ بووە لەسەر رادەستکردنی ١٢٠ ملیار دیناری مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە وەک نیوەی داهاتی نانەوتی، هەروەها مکوڕبووە لەسەر رێککەوتنی مانگی پێشوو لەسەر پرسی رادەستکردنی رۆژانەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، بەرامبەر ئەوە دوو خاڵە بەغدا مووچەی مانگی شەش دەنێرێت.
میدیاکانی پارتی ئەمڕۆ پێج شەممە بڵاویانکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی تاوەکو سبەی نووسراوی فەرمیی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق و سبەی پارەکە خەرج بکرێت.