برایەکی لاهور شێخ جەنگی دووپاتی کردەوە، هەر کێشەیەک هەبێت بە گرژی چارە ناکرێت. دەشڵێت" خەڵکی سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە کارێک ناکەین ببێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی شارەکە".
پێنجشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٥، ئاراس شێخ جەنگی، برای لاهور شێخ جەنگیی سەرۆکی بەرەی گەل ڕاگەیاند" من لەگەڵ ئەوە نیم هێزی یەکێتی بەو کاتە بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشیی و بەم شەوە خەڵک بێزار بکەن".
هاوکات دەڵێت" هەر کێشەیەک هەبێت بە گرژی چارە ناکرێت، بەڵکو دەبێت بە شێوەی گفتوگۆ چارە بکرێت، خەڵکی سلێمانی توانای بەرگەگرتنی ئەوە دۆخەی نییە تا دابنیشێت و ببینێت فەرمان دەرکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی هێز لە سلێمانی".
وتیشی" ئێمە خەڵکی سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە کارێک ناکەین ببێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی شارەکە".
ئەو برایەی لاهور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند" ئەگەر هێزەکانی ئەمنییەکانی سلێمانی بیر لەوە بکەنەوە هێرش بکەنە سەر لالەزار، ئەوا بە دڵنیاییەوە بارودۆخەکە باش نابێت، کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوێتەوە و ڕووبەڕووبوونەوە ڕوودەدات".
باسی لەوەش کرد، "کۆکردنەوەی هێز لە لایەن یەکێتی کارێکی باش نییە و خراپە، لە ڕابردوودا تەنیا حزبی بەعس لە رێگەی مولازم موحسینەوە ئەو کارە دەکرد"، هەر کێشەیەک هەیە با لە ڕێگەی یاساوە چارە بکرێت نەک بەو شێوەیە.
جەختی لەوەش کردەوە، تا ئیستا بە فەرمی هیچ بڕیارێکی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی لە دادگاوە دەرنەچووە، ئەو دەنگۆیە دوورە لە ڕاستییەوە.