"ھەر پۆستێک لە ئاستو قەبارەی پارتیدا نەبێت ئێمە وەریناگرین"
بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت "ھەر پۆستێک لە ئاست و قەبارەی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا نەبێت ئێمە وەریناگرین".
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاند: "ڕۆژی یەکشەممەی دادێ بۆ بەدوداچوون بۆ ئەو ڕێککەوتنەی گۆڕان و یەکێتی، کۆ دەبینەوە؛ ئەوان پۆستەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەیان تێکەڵ کردووە؛ دەمانەوێ ڕای ئەو دوو لایەنەیش وەربگرین، کە چۆناوچۆن بەبێ گەڕانەوە بۆ تەوافوقەی جاران لەسەر ھەڵەبجە، ئەو بڕیارەیان داوە."
بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی: "لە ڕووی قانوونییەوە ھیچ لایەنێک بۆی نییە بەبێ سازان (تەوافق) پۆستەکان دابەش بکات."
(بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە کە جارێ با بزانین ئەوان پاشگەز دەبنەوە یاخود سوورن لەسەر بڕیارەکەیان، ئینجا ئێمەش ھەڵوێستی خۆمان ڕادەگەینین.
(بەشارەتی) زیاتر گوتی، "ھەر پۆستێک لە ئاست و قەبارەی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا نەبێت ئێمە وەریناگرین. ئەو دوو لایەنە بۆ ئەوەی لە سلێمانی ڕێک بکەون، پۆستەکانی ھەڵەبجەشیان تێکەڵ کردووە؛ هیچ لایەنێکیش لەگەڵ ئەوەدا نییە تایبەتمەندیی ھەڵەبجە تێکەڵ بە سلێمانی بکرێت، چونکە بە قانوون، تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و وەکو خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؛ لە دەرەوەی ھەڵەبجە و خەڵکەکەی بڕیار لەبارەی چارەنووسی ھەڵەبجە دراوە، بۆیە ھەموو لایەنەکان ئەو ڕێککەوتنە ڕەت دەکەنەوە.
PM:01:52:11/12/2014