بارزانی: شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نادروستە
مەسعود بارزانی
بارزانی ڕایگەیاند کە، شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نادروست بووە و وتیشی، ئەم بابەتە زیان بە پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەدین چاوی بە نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان كرد.
لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی چۆنییەتی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كرا و، نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان، نیگەرانیی خۆیان لەبارەی شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن و پشتگوێخستنی بەش و داواكارییەكانیان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.
نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان داوایان لە بارزانی وەك پارێزەری ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان و عێراق كرد كە، ڕێگە لەوە بگیرێت مافەكانیان لە كۆمیسیۆن پشتگوێ بخرێت و پێكهاتەكان نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیان لە كۆمیسیۆندا هەبێت.
لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داواكاریی شاندی میوان ڕاگەیاند و، جەختی كردەوە كە، شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن نادروست بووە و ئەوەی خستەڕوو كە ئەم بابەتە زیان بە پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. ڕایشیگەیاند "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و ناكرێ بە بیرێكی تەسكی حیزبی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و پێویستە هەموو لایەك بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت و هیچ لایەنێكیش بۆی نییە لەجیاتی پێكهاتەكان نوێنەر دیاری بكات."
بارزانی نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستانی لەوە دڵنیا كردەوە كە، هەروەكچۆن لە پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراقیدا پێداگیری لەسەر چەسپاندنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق كردووە، ئەوهایش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی مافەكانیان.
PM:02:49:11/12/2014