لێدوانی فەرمی ئاسایش لەبارەی چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگی

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکرای دەکات کە " چەکدارەکانی لالەزار یەکەمجار تەقەیان کردوو کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانیان کوشت و لاهوور شێخ جەنگی و هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون لەلالەزار، لای دەزگای ئاسایشی هەرێمن".

 عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لاهور شێخ جەنگی بە رێگەی مەدەنی ئاگادارکرا بێتە بەردەم دادگا بەڵام رەتیکردەوە و چەکدارەکانی لالەزار یەکەمجار تەقەیان کردوو کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانیان کوشت و چەند دانەیەکیشیان بریندارکرد".

ئاماژەی بەوەشدا  کە لاهوور شێخ جەنگی و هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون لەلالەزار، لای دەزگای ئاسایشی هەرێمن و دۆخی تەندروستی لاهوور شێخ جەنگی باشەو بریندار نەبووە کە دەستگیرکراوە.

عەقید سەلام وتیشی" پۆڵاد شێخ جەنگی برینەکەی سوکەو دوای چارەسەر لەنەخۆشخانەوە راستەوخۆ بۆ زیندان دەگوازرێتەوە و ڕێبواری حامی حاجی خالی لای ئێمە لە دەزگای ئاسایشەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم  ئاشکرای کرد " نزیکەی ١٥٠  چەکدارایان لە لالەزار دەستگیرکردووە و ئەم کەسانە دوای لێکۆڵینەوە پۆڵێن دەکرێن و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت".

سەبارەت بەژمارەی بریندارەکانی هێرشەکەی لالەزار جەختی کردەوە کە  ٢٠ کەس بریندارن.





PM:12:31:23/08/2025