شاندێکی هەرێم بۆ پرسی مووچە سەردانی بەغدا دەکات

شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەردانی بەغداد دەکات، بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" شاندی هەرێمی کوردستان سەرەتای ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە دەچنەوە بەغداد کە ئەمجارە چاوەڕوان دەکرێت ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لە شاندەکەدا بن، تا بڕیار لەسەر داهاتی نانەوتیی و هەناردەکردنەوەی نەوت بدرێت".

ڕاشیگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ مانگی حوزەیران ئامادە کردووە و هەر کات بڕیاردرا، دەخرێتە سەر هەژماری دارایی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی."

باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەیە پرسی داهاتی نانەوتی تیادا یەکلایبکرێتەوە، تا گرفتەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچە کۆتایی پێبهێندرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەکۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە ١٩ی ئاب، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دابینکردنی مووچەی مانگی حوزیرانیدا بەو مەرجەی هەولێر نەوت رادەست بکات و داهاتی نانەوتی لەکاتی خۆیدا رەوانە بکات.



PM:01:04:23/08/2025