فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی ڕووداوەکان دەکەین



فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایگەیاند'' بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی ئەو زنجیرە ڕووداوە مەترسیدارانە دەکەین کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەقامگیری، سەروەریی یاسا، ژیانی خەڵک و بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمدا.'' 

 
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە ڕاشکاوی ئەم خاڵانە دووبارە بخەینەوەڕوو:

١-بەکارهێنانی هێز و میلیتاریزەکردنی شاری سلێمانی و شارەکانی تر لە لایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و پێکدادانی چەکداریی و بەکارهێنانی چەکی قورس لەناوچەیەکی گەشتیاریی و گەڕەکێکی نیشتەجێبوون، و گۆڕینی ناوچەکە بۆ گۆڕەپانی شەڕ، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژیانی هاووڵاتیانە. 

٢-لەکارخستنی دەزگای پۆلیس و بەکاربردنی هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزی تایبەت بە چەکی قورسەوە، سوکایەتی کردنە بە حکومەتی هەڕێم، بە هاوپەیمانان، کە ئەو چەکانەیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر، بە هێزەکانی پاراستنی هەرێم داوە، کەچی ئێستا لە ململانێی ناوخۆیدا بەکار دەهێنرێت. 

٣-دەقە یاساییەکان، بۆ دەستگیرکردنی داواکراو، گۆڕینی دۆسیەکان لە دەستی هێزێکەوە بۆ هێزێکی تر، بەکارهێنانی چەک، ڕێوشوێنی تایبەتی خۆیی هەیە و بە گوێرەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکان دیاری کراوە. بەڵام لەم ڕووداوانە هەموو ئەو بنەمایانە پێشێلکراون.

٤-کارنەکردن لەسەر دۆسییەکان لەکاتی خۆیدا و هەڵگرتنی بۆ کاتی تر، کردنەوەی دەرگایەکی مەترسیدارە بۆ بەکارهێنانی یاسا، بە میزاج و لێدانی نەیارەکان بە دامەزراوە حکومییەکان.
٥-دووبارە سزادانەوەی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)، لە کاتێکدا چاوەڕێی ئازادکردنی دەکرا. سەلماندنی ئەو راستییەیە کە دادگا بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکاردێت.

لەسەر بنەمای ئەو ڕووداوانە، فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان، داواکارە:-

١-لە حکومەت، دامەزراوەی دادوەری و داواکاری گشتی:

•پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی سلێمانی، ئاشکراکردنی ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی، و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرسیارن لەم خوێنڕشتنە. بە تایبەتی پاش ڕوونکردنەوەی دووەمی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کە بێئاگایی حکومەتی لەو هەنگاوانە نیشانداوە، ئەمەش هەموو دامەزراوە ئەمنیەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی وەڵام دانەوە. 
•کۆتاییهێنان بە سیاسیکردنی دۆسیە یاساییەکان و گەرەنتیکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بۆ هەموو دەستگیرکراوان، دابینکردنی ڕێوشێونی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان. لەنێویاندا تەمیزکردنەوەی دادپەروەرانەی بڕیاری دادگای بنەسڵاوە بۆ(شێروان شێروانی).

٢-لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی):

•زیاترکردنی فشاری دیپلۆماسی لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، وەک لە بەیاننامەکانتاندا ئاماژەتان پێکردووە.
•فشاری ئەمریکا و هاوپەیمانان، بۆ پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی نیشتمانی، کە ئەنجامەکەی چەک داماڵین بێت لە حیزبەکان و عەشیرەتەکان، بە گوێرەی دەستووری عێراق و یاسای حیزبەکان، بە پێچەوانەوە مۆڵەتی کارکردن لەو حیزبانە بسەنرێتەوە.




PM:06:27:23/08/2025