وەفدی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی مووچە و نەوت و داهات گەیشتە بەغدا

وەفدی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی مووچە و نەوت و داهات گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ دیوانی چاودێری و وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی عیراق كۆببێتەوە.

رۆژی یەکشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥ بەپێی زانیارییەكان وەفدەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ رێككەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی گەیشتووەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ دیوانی چاودێری و وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی عیراق، بە ئامانجی رێككەوتن لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئامادەكردنی راپۆرتێكی هاوبەش بۆ دروستكردنی لێكتێگەشتن لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان مەبەستێكی دیكەی سەردانەكەیە، لە كاتێكدا هەرێم پێیوایە بەپێی  دەستووری عیراق و یاسای بودجە، ١٠٠%ی كۆی داهاتی رسوماتی وەزارەتەكان هی خۆیەتی، بەڵام ئامادەیی دەربڕیوە ٥٠%ی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت بنێرێت و ١٠٠%ی كۆی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكانیش تەسلیمبكات.

لەبەرامبەردا عیراق بۆچوونی وایە، بەپێی  یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت، دەبێت %٥٠ی كۆی داهاتی رسوماتی وەزارەتەكان بنێرن و ١٠٠%ی كۆی داهاتی گومرگ و باجیش بنێرن، بەمەش گرێكوێرەی هەردوو حكومەت لەدوای دۆسییەی نەوت لەسەر جیاوازیی بڕی داهاتی ناوخۆیە كە تەسلیمبكرێت و بەپێی زانیارییەكان، ئێستا رێككەوتن تەنها لەسەر ٥٠%ی داهاتی گومرگ كراوە و مەرج و داواكاری و داهاتەكانی تر  لەنێوان عیراق و هەرێمی كوردستاندا یەكلایی نەبووەتەوە.



AM:11:03:24/08/2025