پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەڵێت، "نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا، لێبووردنی گشتی ئۆجەلان ناگرێتەوە و هەر خۆشی نایەوێت ئیمراڵی جێبهێڵێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاکپارتی، زۆرینەی خەڵکی تورکیا پشتگیری لە پرۆسەی چارەسەری دەکەن، بەڵام نیگەرانن لەوەی لێبووردنی گشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بگرێتەوە بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە، "شتێکی وا روونادات".
رۆژنامەی تورکیای نزیک لە حکومەت، راپۆرتێکی لەسەر بنەمای کاری مەیدانیی بەرپرسانی ئاکپارتی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا بۆچوونی شەقامیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری وەرگرتووە؛ و ئاکپارتی لەژێر ناوی "دیدارەکانی تورکیا"ـدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ هاووڵاتیان کردووە، تەوەری سەرەکییان پرۆسەی چارەسەری بووە، کە حکومەت بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" ناوی دەبات.
دوای ئەو راپۆرتە مەیدانییە، دەرکەوتووە کە زۆرینەی کۆمەڵگە پاڵپشتیی چەکدانانی پەکەکە دەکەن، بەڵام گەورەترین نیگەرانییان ئەوەیە کە "پرۆسەکە بە دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆتایی بێت".
لە راپۆرتەکەیاندا زۆر بە راشکاوی بەرپرسانی ئاکپارتی نوسیویانە: "بۆ هەر کوێیەک دەچین، پرسیاری 'ئایا لێبووردن ئۆجەلان دەگرێتەوە؟' رووبەڕوومان دەبێتەوە. ئێمە روونی دەکەینەوە کە شتێکی وا لە ئارادا نییە و لە داهاتووشدا روونادات. لە کۆتایی پرۆسەکەدا هەمووان دەبینن کە لێبووردن ئۆجەلان ناگرێتەوە. هەر خودی ئەویش نایەوێت ئیمراڵی جێبهێڵێت."
ئاکپارتی جەختی لەوەش کردووەتەوە "هیچ جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ پەکەکە لە ئارادا نییە و دەوڵەت بەوپەڕی هەستیارییەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبات."
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "سەرکەوتنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووری دەبێت و هێزی کڕین زیاد دەکات و دۆخی هاوڵاتیان باشتر دەکات.