ئەنجومەنی وەزیران ناوی ٣٥ هەزار پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆی بۆ پێدانی زەوی ڕاگەیاند

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا، ڕەزامەندیی لەسەر قۆناغێکی نوێی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزە ئەمنییەکان دا.

لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغێكی نوێدا، ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە ١٥ هەزار پارچەزەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە.

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، ئێستا وردبینی بۆ ناوی ٢٠ هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە، بڕیاریشە بەم زووانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربکات.

هاوکات لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا.

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوامە، وردبینیی بۆ ناوی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەواو کراون، تا ئێستاش نزیكەی ٢٠٠هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی ٤٨٠ هەزار پارچە زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.




PM:04:28:24/08/2025