مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی: میدیاکانی پارتی پەلاماری سلێمانی و یەکێتی دەدەدن

مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی راگەیەنراوێکی توند دژ بە پارتی دەر دەکات و  دەڵێت، "سێ رۆژە میدیا رەسمی و نارەسمییەکانی پارتی بە پلانی سەروی خۆیان پەلاماری سلێمانی و یەکێتی دەدەن".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ئاب مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێێدا هاتووە" سێ رۆژە میدیای رەسمی و ناڕەسمیەكانی پارتی بە ئیعاز و پلانی سەروی خۆیان و بەدڵێكی رەشی پڕ لە قین پەلاماری شاری سلێمانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە بەناوی سەرۆك و سەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكەی لالەزار و پرۆسەی چەسپاندنی یاسا بلاودەكەنەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە بە میدیای پارتی و ئاغاكانیان دەڵێین نەك سێ رۆژ، بەڵكو سێ هەزار شەو و رۆژی تر پەلاماری یەكێتی و سلێمانی بدەن ناتوانن شكستی خۆتان و هێزەكانتان بەرامبەر خورشید هەركی و ناڕەزاییەكانی ئەو ناوچەیە داپۆشن."

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "هەموو خەڵكی كوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەم پەلامارەی ئێوە بۆ ئەوەیە شكستی خۆتان و هێزەکانتان و سوتانی هەمەر و جێهێشتنی چەک و ڕاکردنتان بەرامبەر خورشید هەرکی لە بیر خەڵک ببەنەوە بەڵام دیسانەوە دووبارەی دەکەینەوە سێ هەزار شەو و ڕۆژی تر ئەم دۆڕانەتان لەبیر هۆزی هەرکی وخەڵکی کوردستان ناچێتەوە".




PM:05:17:24/08/2025