برایەکی لاهوور شێخ جەنگی ئاشکرای دەکات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی کۆماندۆ چوونەتە سەر ماڵەکەی ودەرگایان شکاندووە.
رۆژی دووشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥ ، ئاراس شێخ جەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"هێزێکی کۆماندۆی یەكێتی لە کاتژمێر٧ـی بەیانی ئەمڕۆ چوونەتەسەر ماڵەکەم لە گوند و دەرگاکەیان شکاندووە".
ئاراس شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکرد"هێزەکە هامەر و باجەر و چەکی جۆراوجۆریان پێ بووە. ئەو گوندە گوندی خۆمانە و خانوویەکی بچووکم تێیدا هەیە، هەرچی لە خانووەکەدایە بردوویانە".
براکەی لاهوور شێخ جەنگی وتیشی"سکاڵا تۆمار ناکەم، چونکە متمانەم بە کەس نەماوە لای کێ سکاڵا بکەم؟".
لاهور شێخ جەنگیی سەرۆكی بەرەی گەل و هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرەبەیانی هەینی ٢٢ ی ئاب لە سلێمانی لەلایەن هێزێكی زۆری ئەمنیی و سەربازییەوە دەستگیركرا، پاش ئەوەی شەوی پێنجشەممە ٢١ ی ئاب ئەو هێزانە دەوری ماڵەكەیاندا و گەمارۆیاندا.
بەهۆی پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی ئەمنییەكانی سلێمانی و هێزی لالەزار كە شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی و نزیكەكانی بوو، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا و ١٩ كەسیش برینداربوون بەپێی زانیارییەكانیش چەند ئەندامێكی هێزەكەی لاهور شێخ جەنگیی كوژراون و برینداربوون. ئەمەش دوای سێ كاتژمێر پێكدادان كە سەرئەنجام لاهور شێخ جەنگی و براکانی دەستگیرکران.