مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی 22ـی ئابی شاری سلێمانی دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دانبەخۆیاندا بگرن و گرژییەکان کۆنترۆڵ بکەن
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئاب مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزار ڕاگی ئاب راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛ ڕووداوەکەی سلێمانی کە چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە، بووەتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتیان لە سلێمانی و سەرجەم شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
پارتی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە،" و داوای پاراستنی سەروەریی یاسا و سەقامگیریی شاری سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین."
مەکتەبی سیاسیی پارتی هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵک تێدەگەن و لە پێناو پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان، داوایان لە هەموو لایەک کردووە دانبەخۆیاندا بگرن و "هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکان کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.