شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەکات ئەوەش دوای مانگێک دێت کە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ئاب ڕۆژنامەیەکی نزیک لە دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ئەم هەفتەیە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، سەردانی دورگەی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆدەبنەوە.

هاوکات سەردانەکە، یەکەم کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان دەبێت لە دوای دامەزراندنی کۆمسیۆنی هاودەنگی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی.

ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان پەیامەکانی سەبارەت بە کارەکانی کۆمیسیۆن و پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە بگەیەنێتە شاندەکە و دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکەنەوە.

 ئەمە لە کاتێکدایە توڵای هاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ماوەی مانگێکە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ناوبراو کۆببێتەوە.






PM:03:22:25/08/2025