مەحموود محەمەد ڕایگەیاند" پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەو بارودۆخە ببێتە هۆی نیگەرانی خەڵک"وتیشی" خەڵکی سلێمانی شایەنی ئەوە نین چیتر بەم شێوەیە نیگەران بکرێن".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رایگەیاند" شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە".
ئاماژەشی دا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی تر بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا، پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێرێت و دەست بە کارەکانی بکات.
سەبارەت بە بارودۆخی سلێمانیوتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەو بارودۆخە ببێتە هۆی نیگەرانی خەڵک.
وتیشی" خەڵکی سلێمانی شایەنی ئەوە نین چیتر بەم شێوەیە نیگەران بکرێن. داواشی کرد کە کێشەکان لە ڕێگەی سیاسی خۆیاندا چارەسەر بکرێن و یاسا سەروەر بێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەوێتە پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتەبێژی پارتی ئەوەی خستە ڕوو، ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنرێت، ئەوا پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوە دەچن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، مەحمود محەمەد ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی بەغدا گرت بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و وتی" ئەوەی بەغدا بەرانبەر خەڵکی کوردستان دەیکات، برسیکردنی خەڵک و فشارخستنەسەرە، ئەگەر نە ڕێککەوتنی باش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە، جەختیشی کردەوە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن، نەک بە بیانوو هێنانەوە بۆ دواخستنی چارەسەر".
هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەوان وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە خەمی خەڵک و مووچەخۆران و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستاندان و بڕیاریان ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق دەبێت بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات