بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە لەكەوتنەكاری چەند كامێرایەكی تۆماری تیژڕەوی لە ڕێگای نێوان سلێمانی – تاسڵووجە وە بە پێچەوانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لە ڕێكەوتی ٢٨/٨/٢٠٢٥ پێنجشەممە كاتژمێر ١٠ی سەر لەبەیانی كامێراكانی ڕێگای نێوان سلێمانی - تاسڵووجە وە بە پێچەوانەوە (كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی) دەكەونە كار و تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕەوی بە سیستەمی One Point و بەپێی ئەو خێراییانەی كە لە هێماكانی هاتووچۆی تەنیشت ڕێگاكە دانراون تۆمار دەكات."
ئەوەش روونكراوەتەوە:" سەبارەت بە ڕێگای نێوان سلێمانی - وارماوا بەهەمان شێوە كامێراكان دانراون لە ڕێكەوتی ٢٨ی٨ كاتژمێر ١٠ی ی سەرلەبەیانی سزای سەرپێچی خێرایی تۆمار دەكەن بە سیستەمی Point to Point بەپێی ئەو خێراییانەی دیاریكراوە لە ڕێگەی هێماكانی هاتووچۆوە. "
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت :"ماوەی لێبووردن لە كامێراكانی خێرایی (حدود التسامح) بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك (٥) كیلۆمەترە وە بۆ بارهەڵگر (٣) كیلۆمەترە."
هاتوچۆی سلێمانی سەبارەت بە میكانیزمی تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕەوی لەو كامێرایانەی بە سیستەمی Point to Point كار دەكەن، ئەوەی روونكردووەتەوە:" تێكڕای خێرایی لە هەموو كامێراكان هەژمار دەكرێت.بۆ نموونە لە نێوان دوو كامێرا پێویستە شۆفێر بە خێرایی ڕیگەپێدراو كە دیاریكراوە شۆفێری بكات بە پێچەوانەوە سزای دیاریكراو دەدرێت."
هەروەها لەنێوان كامێراكانی دیكەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو هەمان سزا دووبارە دەیگرێتەوە.
لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" میكانیزمی سەرپێچی تۆماركردنی تیژڕەوی لە كامێراكان بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ڕێكخراوە، واتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ لە هەرێـمی كوردستان بە یەك سیستەم كاردەكەن بێ جیاوازی لەو شەقام و ڕێگایانەی ناوەوە و دەرەوەی شارەكان لە هەرێم كە كامێراكانی تیژڕەوی تیادایە."