ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرج كردنی مووچەی مانگی ٦ی مووچەخۆرانی هەرێمی دەركرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمرۆ سێ شەممە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، كە بڕگەیەكی تایبەت بوو بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاند"ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی ٦ خەرج بکرێ و ئەبێت هەرێم ١٢٠ ملیارەکە رادەست بکات".
وتیشی، "لیژنەکان بەردەوام دەبن ئەگەر گەیشتنە ئەنجام لەسەر بنەمای ئەوە مانگەکانی تریش خەرج ئەکرێ ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام و رێکكەوتن ئەوە پەنا دەبرێت بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت یا خود دادگا بۆ یەکلایی کردنەوە و تەفسیری یاسا و رێکكەوتنەکان".
دوایەدوای كۆبوونەوەكە، ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، لە كۆبووونەوەی ئەنجوومەن گفتوگۆ لەبارەی كاری لیژنە هاوبەشەكە كراوە.
وتیشی، "بڕیاری خەرج كردنی مووچەی مانگی ٦ دراوە و دەبێت حكومەتی هەرێم ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ڕادەست بكات”.
بەپێی زانیارییەكان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران مۆڵەتی هەفتەیەكی دیكەی داوە بە لیژنەكان بۆ ڕێككەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی بۆ مووچەی مانگەكانی دیكە.