سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە سبەی رێکارەکانی ناردنی ١٢٠ ملیاردینار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەستپێدەکەن.
میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە "سبەی دەست بە رێکارەکانی ناردنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەکەین. رێکارەکان بریتییە لە کۆکردنەوەی پارەکە و دواتر گواستنەوەیەتی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
بڵاویشیکردووەتەوە " هەر کاتێك نووسراوەی خەرجکردنی پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردرا، ئەوانیش ١٢٠ملیار دینارەکە دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتیی دارایی عێراق."
رۆژی سێشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی ٦ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کارەکانی لیژنە پێکهێندراوەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچە بەردەوام بن، بەڵام ئەو بابەتە گرێ نەدرا بە ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەک مەرجی دانا بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران کە رادەستکردنی ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، وەک ئەوەی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران بڕیاری لەسەر دراوە.