لە ئاکامی پێکدادانی دوو تانکەری سووتەمەنی، دوو کەس لە سەر ڕێگەی پشتێنەی کەلار بوونە قوربانی.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، تانکەرێک کە بە ئاڕاستەی کەلار هاتووە لەگەڵ تانکەرێکی دیکە کە بە ئاڕاستەی گردەگۆزینە ڕۆیشتوو، لە سەر ڕێگەی پشتێنەی کەلار بەیەکیاندا داوە.
ڕوونیشیکردەوە کە شۆفێری یەکێک لە تانکەرەکەکان کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥ گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکەی دیکەش کە لەدایکبووی ١٩٨٣یە بە سەختی برینداربووە.
ڕاشیگەیاند بریندارەکە دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی سلێمانی کراوە.
هاتووچۆی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکارەکەی و چۆنێتی ڕوودانی.