ئاسایش دانپێدانانی لایەنگرانی لاهور بڵاودەکاتەوە، رێکخراوێكی مافی مرۆڤ: ئەم کارەی ئاسیاش دەیکەن پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە


دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان(سلێمانی)  ڤیدیۆی دانپێدانانی ژمارەیەک دەستگیرکراوی سەر بە لاهور سەرۆکی بەرەی گەل و ئەژی ئەمینی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەو دانپیدانانە" پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانیان داڕشتووە"، بەڵام سەرۆکی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ رایگەیاند" ئەمەی دەزگا ئەمنیەکان دەیکەن لەهەرێمی کوردستان پێچەوانەی سەرجەم بنەما دەستوری و بنەماکانی مافی مرۆڤە، بەو پێیەی تۆمەتبار بێ تاوانە تا ئەو کاتەی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە دادگاوە دەردەچێت بە سزادانی".

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " کارزان فازل سەرۆکی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، دەڵێت" بە دیاریکراوی پێچەوانەی ماددەی ١٢٣ و ١٢٨ لە یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان ( أصول المحاكمات الجزائیە) ژمارە ٢٣ ی سالی ١٩٧١کە مافی پرساندن ( استجوابی) تۆمەتباری داوە بە تەنها بەدادوەری لێکۆڵینەوە و دەسەڵاتی ئەوە، نەک لایەنێکی تری وەک ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس، لەبەرئەوەی پرسێکی گرنگە بۆ زەمانەتی لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە".

لە راگەیاندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، "ئەو کەسەی هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی بە نیشانشکێن داوە، ناوی ر. ق".
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دەزگای ئاسایش "زنجیرە پلانێکی هاوبەش لەنێوان لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین بۆ تێکدانی سلێمانی هەبووە. ئامانجی پلانەکەش دروستکردنی ئاژاوە و پشێوی و بە ئامانجگرتنی کەسایەتی ئەمنی، سیاسی و کارمەندی حکومی بووە".

باس لەوەش کراوە دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک کەس دەرکردووە کە گومان دەکرێت دەستیان هەبووبێت لە سەرپەرشتی رێکخستنی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی تاوانەکە.

بەرەبەیانی ٢٢ ی ئاب بەهێزێکی زۆرەوەو چەکی جۆراو جۆرەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەرەکی لاهور جەنگی لە هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاتژمێری و نیو لە شەڕ لاهور جەنگی و براکەی و زیاتر لە ١٥٠ چەکدار بە دیل گیران، هەروەها وەک ئاسایش راگەیاند کە پێنج کەس لە هەردوولا کوژراون، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ژمارەیەک رۆژنامەنووس لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاشكرای کردووە کە ١٢ کەس کوژراون.




PM:06:20:27/08/2025