بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، چوار تۆمەتباری هەڵاتوو لە یاسا کە پەیوەندییان بە تاوانێکی کوشتنەوە هەیە لە پارێزگای دهۆک، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری سلێمانی دەستگیرکران.

بەپێی راگەیاندراوی ئاسایش، تۆمەتباران لە ساڵی ٢٠٢٤ لە پارێزگای دهۆک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاووڵاتییەکیان کوشتووە و دواتر هەڵاتوون. ئاسایشی سلێمانی، دوای چاودێری و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، لە رێکەوتی ١٩ی ئابی ٢٠٢٤ و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیویانە هەر چوار تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن کە بە مەبەستی خۆحەشاردان روویان لە سلێمانی کردبوو.

لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و بەپێی تایبەتمەندی کەیسەکەیان، رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.




PM:08:31:28/08/2025