نوێترین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە

شاندی ئیمرالی سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە” ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، ئاشتی و تەواوكاری، سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن.” 

ئاماژەبەوەشکراوە، لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە ئیمرالی کۆبونەوەیەکی سێ کاتژمێریان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان ئەنجامدا. لە میانی دیدارەکەدا هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەی بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و پێشکەوتنەکان کرد.

ئۆجەلان روونیشی کردەوە، ئەو کێشانەی کە روبەرومان دەبێتەوە، پێویستی بە دەستوەردانی جددی و هەستیار هەیە بۆ کۆتایهێنانی بە تەواوەتی، هەر بەو هەستیارییەشەوە پڕۆسەکەیان گەیاندووەتە ئەمڕۆ، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجمان ئەوەیە هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە بە ئازارە.


وتیشی'' کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئاشتی و تەواوكاری، سێ چەمکی بنەڕەتی ئەم پرۆسەیەن و لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بگاتە ئەنجام، بۆیە جەختی لەسەر پێویستی قۆناغێکی نوێ کردەوە کە تێیدا هەنگاوی بەپەلە بنرێت لە هەموو رەهەندەکانیەوە.''

ئۆجەلان جەختی لەوە شکردەوە، هەمیشە تەواوكاری لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بەلاوە پەسەندەو تێگەیشتن و لە ئامێزگرتنی ئەم هەنگاوە ستراتیژییە سودی بۆ هەموومان و هەموو تورکیا دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە لە تورکیا بەڕێوەدەچێت و سەرجەم لایەنەکان هەوڵی یەکخستنی پڕۆسەکە دەدەن. 



AM:11:27:29/08/2025