بڕیارە هەفتەی داهاتوو گفتۆگانی نێوان شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی داهاتی نانەوتی، بە سەرپەرشتیلیژنەیەکی حکومەتی عێراق دەستپێبکاتەوە.
میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردووەتەوە " بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەبارەی داهاتی نانەوتی".
راشیگەیاندووە" کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی و بەشداری لیژنەیەکی تایبەت دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی گەیاندنی هەردوولا بە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتی".
٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕایەوە دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی نەگەیشتنە رێککەوتن لەبارەی رێژەی ئەو داهاتانەی کە رادەست دەکرێت بەڕامبەر بە ناردنی مووچە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ٢٦ی ئاب دا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانی دا لە بەرامبەر رادەستکردنی ١٢٠ ملیار دینار.