یەکێک لە ستافی کۆپتەرەکەی لە گۆیژە کەوتۆتە خوارەوە پلەی عەمیدە



بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی گۆیژە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە بریندارەکانی ستافی ئەو کۆپتەرەی لە گۆیژە کەوتە خوارەوە پلەی " عەمیدە ".

لە راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیدا کە پاشنیوەڕۆی هەینی ٢٩ ی ئاب بڵاوکرایەوە، هاتووە " لە میانەی هەوڵی رزگارکردنی شۆفێرو سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کە بەڕووداوێکی هەڵدێران کەوتبووە خوارەوە لە شاخی هەڕووتە، فڕۆکەیەکی فریاگوزاری لەو کاتەدا تووشی هەڵەیەکی تەکنیکی بووەو کەوتۆتە خوارەوە".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە" سەرجەم تیمەکانی لایەنی پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە شوێنی ڕووداوەکەن و تەرمی ئەو هاوڵاتییەی تووشی رووداوەکە بوبوو گوستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری".

 "هەردوو فڕۆکەوانەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار کە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان عمید (حسین فیچ اللە) یە باری تەندروستییان جێگیرەو لە قۆناغەکانی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیدان". ( راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ وا دەڵێت).

نیوەڕۆی هەینی لە چیای گۆیژەی سلێمانی، ئۆتۆمبێلێک دەکەوێتە خوارەوە و شۆفێرەکەی گیان لەدەست دەدات؛ دواتر هێلیکۆپتەرێک بۆ دەرهێنانی تەرمەکە دەچێت، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکە، ئەویش دەکەوێتە خوارەوە و دوو کارمەندی کۆپتەرەکە  بریندار دەبن.. 




PM:07:32:29/08/2025