دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند "کەسوکاری چەکدارەکانی لاهور جەنگی دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن کە لە زیندانی ئاسایشن و تا ئێستا چارەنووسیان نادیار بووە. بەمەش ژمارەی ئەو چەکدارانەی لاهور جەنگی ئاشکرا دەبن کە تا ئێستا گرفت لەسەر ژمارەی کوژراوەکان هەیەو ژمارەیان نەزانراوە.
شەوی هەینی ٢٩ ی ئاب دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم خانەوادەی ئەو کەسانەی کە ئەندامی هێزەکانی دوو پشک بوون و ئێستا لای ئاسایشی سلێمانی ڕاگیراون، ئاگادار دەکاتەوە کە یەک شەممە و دوو شەممە دەتوانن سەردانی ئاسایش بکەن بۆ بینینی کوڕەکانیان.
لە ئاگاداری نامەکەدا هاتووە" لە بەردەوامی هەوڵەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ سۆراخ کردنی ئەو کەسانەی تا ئێستا چارەنوسیان دیار نەبوە یان سەردانیان نەکردوون خانەوادەی بەڕێزی ئەو کەسانە ئاگادار دەکەینەوە کە ئەندامی هێزەکانی دوو پشک بوون و لە شەڕەکەی ٢٢ی ئاب لەلالەزار بەشداربوون و ئێستا لای ئاسایشی سلێمانی ڕاگیراون بەسوپاسەوه دوای هەماهەنگی کردن لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی / سلێمانی ئاگاداریان کردینەوە کە ڕۆژانی یەکشەمەو دووشەمەی داهاتوو کە هاوکاتە لەگەڵ (٣١_٨ و ١_٩ / ٢٠٢٥) کەس و کاریان دەتوانن سەردانی کوڕەکانیان بکەن ."
بەرەبەیانی ٢٢ ی ئاب هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر ماڵی لاهور جەنگی و بنکەی هێزەکانی لە لالەزارو دوای شەڕێکی سێ کاتژمێرو نیوی بە رادەستکردنی لاهور جەنگی و براکەی و چەکدارەکانی کۆتایی هات، بەلآم تا ئێستا ژمارەی تەواوی کوژراوەکانی هێزەکەی لاهور رانەگەیەندراوە، ئاسایشی هەرێم رایگەیاند ژمارەیان ٥ کەسە، سیانیان سەر بە هێزە ئەمنییەکان و دوانیان سەر بە لاهور جەنگی بوو، بەڵام رۆژی سێ شەممە قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ رۆژنامەنووسان وتبووی کوژراوەکان ١٢ چەکداربون لە هەردوولا.