سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆی تەقەمەنی پاشماوەکانی جەنگی عێراق - ئێرانیش نەتواندراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت و بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانی ناوچەکە سوتاون.
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەشێکی زۆری ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بەشێکی کەمی ماوە کە بەهۆی مین و پاشماوەی جەنگییەوە نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەدرێژایی شەوی رابردوو تیمەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، سەیدساق، شارەزوور، پێنجوێن، رێکخراوی ملەکەوە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لە ئەرکدابوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و هیواشی خواست لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن.
لە بارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش، هێمن ئیبراهیم، وتیشی" تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە رووننەبووەتەوە بەڵام پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لێکۆڵینەوەکان دەستپێدەکەن".
راشیگەیاند" رووبەرەکە فراوانە و ناوچەکە سەختە و چەندینجار شوێنیان کۆنترۆڵکردووە بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە سەریهەڵداوەتەوە و تیمەکان لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی".
بەهۆی بەرفراوان بوونی ئاگرەکەی پێنجوێنەوە کە چوار گوندی گرتۆتەوە دوو گەنجی خۆبەخش برینداربوون و رێژەیەکی زۆری جەستەیان سووتاوەو گەیەندرانە سلێمانی.
پەیامنێری " سپی " ئاماژە بۆ ئەوە کرد کە دوو گەنجەکە یەکێکیان بە رێژەی لە ٧٤٪ ی سوتاوە، ئەوی دیان بەرێژەی ٥٤٪ سووتاوەو هەردووکیان لەبەر زۆری سووتاویەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.