بافڵ تاڵەبانی: زۆرترین حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە شاری سلێمانین

بافڵ تاڵەبانی  وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژێردرا.

 
ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٥، لە چوارەمین رۆژ و کۆتا رۆژی کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە هەڵبژێردرا.

لەمیانەی وتارێکدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانییەکە ئەرکێکی گەورەیە".

جەختی لەوەکردەوە، "هەمیشە بیری مام جەلال رابەرایەتیمان دەکات و کار دەکەن بۆ یەکڕیزی و چاکسازیی و دادپەروەریی".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەبوونی زۆرترین حزبی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەنووس و چالاکوان لە سلێمانی نیشانەی هەبوونی دیموکراسییە لە سلێمانی".

بافڵ تاڵەبانی وتی، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قوربانی زۆری داوە بۆ ئازادی، باوەڕمان بە کردارە نەک قسەکرد، چونکە خەڵک چاوەڕوانی کردارمان لێدەکات" هەروەها دووپاتیکردەوە، "هەرێمەکەمان هێشتا ناسەقامگیرە لە رووی ئاسایشەوە".

هەروەها سەرۆکی یەکێتی باسی لە سوریا کرد و ئاماژەی بەوەدا، "نیگەرانم لەبارەی کەمایەتییەکان لە سوریا، خەمی خوشک و برا کوردەکانمە لە سوریا، هیوادارین حکومەتی سوریا گشتگیر بێت".

راشیگەیاند، "کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر و قووڵن و پشتگیریی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن و دەبێت لەمەدا راشکاو بن".




PM:02:05:30/08/2025