هەسەدە هەڵمەتێکی فراوانی دژی داعش دەستپێکرد

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، هەڵمەتێکی سەربازی و ئەمنیی بەرفراوانیان لە دژی چەکدارانی داعش شاری حەسەکە و دەوروبەری دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئاب دوای دەستبەسەرداگرتنی چەندین شار لە سووریا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٤، ڕێکخراوی داعش لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٩  تێکشکێنرا، بەڵام شانە نوستووەکانی پاشەکشەیان کردووە بۆ بیابانەکان، لەوێش بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشی ناوبەناو هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی سڤیل دەکەنە ئامانج.

وەک هەسەدە رایگەیاندوە  ئامانج لەم هەڵمەتە لەناوبردنی شانە و حەشارگەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ڕاوەدوونانی پاشماوەی ڕێکخراوەکە و لەناوبردنی شانە نووستووەکان و چالاکەکانە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، قەدەغەی هاتووچۆ لە تەواوی شارەکەدا ڕاگەیێنراوە و دەروازەکانی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی شارەکە داخراون، لەگەڵ بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان.

هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە پێشینەی کارەکانیاندایە و داوای لە دانیشتووانی حەسەکە کردووە کە هاوکاریی تەواویان بکەن و زانیاریی لەبارەی هەر چالاکییەکی گوماناوی بە هێزە ئەمنییەکان ڕابگەیەنن.




PM:02:23:30/08/2025