بافڵ بەڵگەنامە لەسەر تۆمەتبارکردنی لاهور دەگەیەنێت ئەمریکییەکان.. زانیاری کودەتاکە زۆربەی سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی لێ ئاگادار کراوەتەوە

چەند رۆژێکە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی بیانگەیێننە  ئەو "راستییەی" کە هەوڵی کودەتا و کوشتن لەسەر بافڵ تاڵەبانی هەبووە، پێشوەختەش لاهور شێخ جەنگی زۆربەی سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی بە بەرهەم ساڵحیشەوە ئاگادار کردووەتەوە.

لەچەند رۆژێک دوای رووداوەکەی لالەزار کە لە ٢٢ی ئابدا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەری، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەرێگەی بافڵ تاڵەبانی وقوباد تاڵەبانی وهاوسەری قوباد تاڵەبانی کە بە رەگەزنامە ئەمریکییە پەیوەندی دەکەن بە بەرپرسانی ئەمریکاوە تا بیانگەیێننە ئەو بڕوایەی کە لاهور جەنگی بە سەرکردایەتی چەند بەرپرسێکی بەرەی گەل لە هەوڵی کودەتا وکوشتنی سەرۆکی یەکێتیدا بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (سپی) کەوتووە کە هەرچەندە تا ئێستا بەرەی گەل رەتی دەکاتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی ٧ دا بافڵ تاڵەبانی بەسەردانێک دەچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەوکاتەدا پیلان دادەنرێت بۆ ئەوەی کە رێگە بگیرێت لە بافڵ تاڵەبانی بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا لاهور جەنگی پەیوەندی بە زۆرێک لە سەرکردە کۆنەکانی یەکێتییەوە کردووە کە پیلانێکی لەو شێوەیان داڕشتووە، چەند بەرپرسێکی کۆنی یەکێتی هاوسۆزبوون لەگەڵ پیلانەکەدا، بەڵام سەرجەمیان جەختیان کردووەتەوە کە ئەوان لەگەڵ گۆڕانکاری سیاسیدان، بەبێ هیچ تووندوتیژییەک.

لە کاتێکدا کە بافڵ تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، لاهور جەنگی بێ ئۆمێد دەبێت کە پیلانەکە بە هێمنی بەڕێوەبچێت، هەر بۆیە ئەو پیلانە دەگۆڕێت بۆ لەناوبردنی بافڵ تاڵەبانی.(تا ئێستا بەرەی گەل بە تووندی ئەم زانیاریانە رەت دەکاتەوە).

سەرجەم ئەو بەڵگانەی کە لەلای بافڵ تاڵەبانی و دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی هەبوون لەم چەند رۆژەی رابردوودا رادەستی بەرپرسانی ئەمریکا کراوە.

بافڵ تاڵەبانی لە رێگەی ئەم بەڵگەنامانەوە دەیەوێت ئەوە بگەیەنێتە ئیدارەی ئەمریکی کە ئەگەر هێرشی نەکردابیە سەر لالەزار ئەوە رووبەرووی کوشتن دەبووەوە.

هەڵسورێنەری هەردوو پیلانەکە( نەگەڕانەوەی بافڵ تاڵەبانی لەدەرەوەی وڵات ، کوشتنی) لەلایەن لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین، پۆڵاد جەنگی و رێبواری حامی حاجی غالی دانراوە.( بەرەی گەل ئەم زانیاریانە رەت دەکاتەوە).

لەمسەرووبەندەدا بەرپرسانی ئەمنی ئەمریکی بۆ گەیشتن بە راستیی رووداوەکە لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیان بە چەندان بەرپرسی کۆنی یەکێتتییەوە کردووە.

هێرشکردنە سەر لالەزار رۆژی ٢٢ی ئاب بە هێزێکی زۆر و چەکی مۆدێرن، جۆرە ناڕەزایەتییەکی گەورەی لەناو دانیشتوانی سلێمانی و کوردستاندا درووستکردووە، هەموان پێیانوایە دەکرا ئاستی ئەم ناکۆکیانە هەرچییەک بێت لە رێگەی یاسا و بەبێ تووندوتیژی بەڕێوە بچێت. 




PM:12:00:31/08/2025