وەزارەتی دارایی دەستبەسەر ٦٠ موڵکی شاسوار عەبدولواحیدا دەگرێت

بە بڕیاری وەزارەتی دارایی دەستدەگیرێت بەسەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی و لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و  ژمارەیان ٦۰ موڵکە. 

لە ڕاگەیندراوی وەزارەتەکە ئاماژە بەوەشکراوە، قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ ملیار دینار.

دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم: 

پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠ / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١ / ڕاستکردنەوە ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢١/١٠/٢٠ ) تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری ، وە ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/٩/٢٢ ) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.

وە ئاماژە بەبڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( ٧٣٢/پ/٢٠٢٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٦ ) تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیاوچاڤی کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل  و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد.....کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠٫٦٦٫٣٥٠ ) ملیار دینار.

شایەنی باسە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١ ) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.

دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی  وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجی بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.




PM:01:26:31/08/2025