پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دو كەسی ڕاگەیاند كە بەناوی دەرۆزەكردنەوە بڕی زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆلاریان لە ماڵیكی قەزای سەیدسادق دزیوە و بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە'' لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دو تۆمەتبار دەستگیركران.''
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لەماڵەكەی خۆیدا دزی لێكراوەو بڕی ٢٠ هەزار و ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی لێدزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستپێكرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دو تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە بەناوی دەرۆزەكردنەوە چونەتە ماڵەكەی و پارەكەیان بردوە.
ئەوەشیخستەڕو، لە ئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران (ز، ف،أ لە دایكبووی١٩٦٨ ) و (پ، چ، ف لە دایكبووی١٩٨٤ ) كە پیشەیان دەرۆزەكردنە بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دانیانناوە بەتاوانەكەیاندا، لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك لەپارە دزراوەكەدا.