عەبدوڵا ئۆجالان بەبۆنەی ١ـی ئەیلول، رۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، لە گروتوخانەی ئیمرالییەوە پەیامێکی ناردو پەیامەکەی لە گردبوونەوەکدا لە ئیستەنبوڵ خوێنرایەوە لە پەیامەکەدا هاتوە'' کە ئاشتییەکی راستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕو پێکدادان، بەدی نایەت.''
دەقی پەیامەكەی بەمجۆرەیە:
ئەو کەسانەی لەپێناو ئاشتی و دیموکراسییدا تێدەکۆشن...
بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژیی و قۆناغێکی مێژووییە. بەم بانگەوازە، هەم لە تورکیاو هەم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکو ژیانی ئاشتییانەو دیموکراتیک جێگەی شەڕو وێرانکاریی بگرێتەوە.
ئەمە تەنها داخوازییەک نییە، بەڵکو راستییەکی بەرجەستەیەو پێویستە بە هەلی بەهێزو هەنگاوی پراکتیکی بەدی بهێنرێت. چونکە ئاشتییەکی راستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕو پێکدادان، بەدی نایەت. هەرکات ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە، ئەوکات ئاشتییەکی راستەقینە دێتەدی.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی تەنها مافێک نییە بۆ گەلانمان، بەڵکو ئەرکی سەرەکییە لەم سەردەمە نوێیەدا.
حەتمەن بە تیکۆشانی گەلانمان، پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و بەهاکانی ئازادی قایمتر دەبن و لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتییدا رەنگدانەوەیان دەبێت. ئیتر، ئەم وڵاتە دەبێتە وڵاتی ئەوانەی کە ئاشتی و ژیانی دیموکراتیک هەم وەک ماف و هەم وەک ئەرکی خۆیان دەبینن.
بەبۆنەی ١ـی ئەیلولەوە، بانگەواز لە گەلانمان دەکەم کە خاوەنداری لەم ئەرکە مێژووییە بکەن و رێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بکەن.
لەو بڕوایەدام، هەمووان لە جدییەت و هەستیاریی ئەم قۆناغە تێدەگەن و ڕەچاوی دەکەن و بە ڕۆحییەتێکی ئاشتیخوازانەوە هەنگاودەنێن. بەم بڕوایەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بێپایانی خۆمتان ئاڕاستەدەکەم.