بەرەی گەل: ماوەی ١٠ رۆژە میلیشیاکان رەشبگیری لە دژمان ئەنجام دەدەن


بەرەی گەل لە بارەی دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوەو دەڵێت " ماوەی دە رۆژە میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی یەكێتی نوێ بەردەوامن لە رەشبگیری لایەنگرانی بەرەی گەل".

لە راگەیاندنەکەدا کە شەوی یەک شەممە ٣١ ی ئاب بڵاوکرایەوە داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەن بەزوترین كات دەستوەردان بكات و ئەو كردەوە نامرۆڤانە رابگرێت.

بەرەی گەل لە درێژەی راگەیاندنەکەیاندا دەڵێن" میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی یەكێتی نوێ، رۆژی (٢٢) ئاب بەبێ‌ بوونی هیچ پاساوێكی سیاسی و یاسایی هەڵیانكوتایە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی قەوارەی بەرەی گەل و ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، داوای شەهیدكردنی چەند پاسەوانێكی تایبەتی ماڵەكەی، خۆی و ژمارەیەك لە هەڤاڵەكانی دەستگیركراون، كە تائێستا چارەنوسیان نادیارە".

" ماوەی دە رۆژە میلیشیا لە یاسا دەرچووەكان بەردەوامن لە رەشبگیری و هەڵیانكوتانە سەر ماڵی لایەنگرانی بەرەی گەل، لێرەوە داوا لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكەین، بەتایبەت سەرۆكی هەرێم كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، بەزوترین دەستوەردان بكات و ئەكردەوە نامرۆڤانە رابگرێت".( بەرەی گەل وا دەڵێت ).

لە کۆتایی راگەیاندنراوەکەدا بەرەی گەل داوا دەكات،" یاسا بەبێ‌ هەژمونی حزبی و كەسی كاری خۆی بكات، نەك هێزی میلیشیایی و ویست و رقی كەسی."

بەرەبەیانی ٢٢ ی ئاب هێزێکی زۆری ئەمنی هێرشیان کردە سەر ماڵ و بارەگای لاهور جەنگی لە گردی سەرچنار و دوای سێ کاتژمێر و نیو بارەگا و ماڵەکەیان کۆنترۆڵکرد، تا ئێستا وەک بە رەسمی راگەیاندراوە ٣ لە هێزە ئەمنییەکان و ٢ چەکداری لاهور جەنگی کوژراون.




PM:09:58:31/08/2025