لە سلێمانی لە دژی عەجاج سکاڵا وەردەگیرێت


دادگای سلێمانی پرۆسەی وەرگرتنی سكاڵا لەدژی عەجاج، تاوانباری ئەنفال دەستیپێكردو رۆژی پێنج شەممە ٣١ ی ئاب وتە لە ژمارەیەك لە سكاڵاكار وەرگیراوە.

لە راگەیەندراوێكدا دادگای سلێمانی کە شەوی ٣١ی ئاب بڵاویکردووە هاتووە" پاش ئەوەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی٥ی دیاریكرد بۆ وەرگرتنی سكاڵای یاسایی كەسوكاری ئەنفالكراوان دژی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٣١ ی ئاب دەستکرا بەڕێکاری یاسایی وەرگرتنی وتەی سکاڵاکاران و ژمارەیەکیان وتەیان وەرگیرا."

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە پرۆسەكە بەردەوام دەبێت لە رۆژانی داهاتوداو پاش تەواوكردنی رێكارەكان وتە و سكاڵاكان ئاڕاستەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەكرێن.

عەجاج کە ئەفسەرێکی سەردەمی رژێمی سەدام حسێن بووە لەلای کورد بە یەکێک لە " جەلادەکانی " تاوانی ئەنفال دەناسرێت کە تاوانی هەمە جۆری دژی قوربانییەکانی ئەنفال لە نوگرە سەلمان ئەنجام داوە، ئەم تۆمەتبارە مانگی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا.




AM:12:30:01/09/2025